وتەی هەفتە (٥٩)
پاشئەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بەشێکی گەورەی لەکارەکانی تەواوکرد بەمەبەستی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراوی خۆی لەدەی تشرینی یەکەمی داهاتوودا، ئامێرەکانی ئامادە دەکات بۆ ئەنجامدانی سێ پرۆسەی دەنگدانی ناراستەقینەی گشتیو تایبەت کە وابڕیارە یەکەمیان لەمانگی تەمموزی داهاتوودا ئەنجامبدرێت، ئەمەش بۆ دڵنیابوونەوە لەوردییو خێرایی ئامێرە ئەلکترۆنیەکانی تایبەت بەهەڵبژاردنو توانایی ناردنی ئەنجامەکان بەشێوەیەکی ئاسان لەوێستەگەکانەوەو وەرگرتنیان لەئۆفیسی نیشتمانی لەلایەن کارمەندی پسپۆڕ لەو بوارەدا، پرۆسەکە بەهاوکاری لەگەل کۆمپانیای “میرۆ”ـی کۆریو بەسەرپەرشتی کۆمپانیای پشکنەری ئەڵمانی هەروەها بەئامادەبوونی تیمی نەتەوە یەکگرتووکان بۆ هاوکاری هەڵبژاردن (UNAMI)و تیمی نێودەوڵەتی سیستمەکانی هەڵبژاردن (IFES)و بەروماڵێکی گەورەی رۆژنامەوانیی ئەنجامدەدرێت.
هەروەک پرۆسەی دەنگدانی ناراستەقیەنەی داهاتوو لەوێستگەیەک بۆ هەر ناوەندێکی تۆمارکردن ئەنجامدەدرێت کە ژمارەیان (1079) ناوەندە لەسەرتاسەری عێراق، کە پرۆسەیەکی دەنگدانی هاوشێوەی راستی دەبێتو تیایدا وەرەقەی دەنگدان (کە بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکراوە) بەکاردێت، هەروەها پرۆسەی جیاکردنەوەو ژماردنی دەنگەکان بەشێوەی ئەلکترۆنی و دەستیش ئەنجامدەدرێت بۆ دڵنیابوونەوە لەچوونیەکیی ئەنجامەکان لەرێگای فۆڕمێکی ئامادەکراو بۆ بەراوردکردنی دەنگەکان.
لەم چوارچێوەیەدا، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بەهاوکاری کۆمپانیای “میرۆ”ـی کۆری کە دروستکەری ئامێرەکانی پشکنینو ژماردنو جیاکردنەوەی ئەلکترۆنییە، ئامادەکاریی دەکات بۆ کردنەوەی خولێکی راهێنانی تایبەت بە کارمەندانی هونەریی پسپۆڕ لەچۆنێتی کارکردنی ئامێرە ئەلکترۆنییەکان کە لەرۆژی هەڵبژاردندا بەکاردێن، بۆئەوەی پاشتر خولی راهێنانی هەرەمی دەستپێبکات.
لەهەمانکاتتدا بەپێی ماددەی (38/سێهەم) لەیاسای ژمارە (9)ـی ساڵی 2020 کەتیایدا هاتووە (ئەنجومەنی کۆمسیاران لیژنەیەکی هونەریی پسپۆڕ لەدەزگاکانی حکومەت پێکدەهێنێت بۆ چاودێری کۆمپانیای پشکنەر)، ئەنجومەنی کۆمسیاران لیژنەیەکی بەسەرۆکایەتی ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیاران دادوەر (علی رشید محمد)و ئەندامێتی کارمەندانی هونەریی پسپۆڕ لەدەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەت پێکهێنا، کە ئەوانیش: وەزارەتەکانی (پلاندانان، خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، پەیوەندییەکان)و دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی، ئەمە جگە لەنوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئەم لیژنەیە کۆبوونەوەی تایبەتی خۆی لەئۆفیسی نیشتمانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لەگەڵ کۆمپانیای (Hensoldt)ـی ئەڵمانی پشکنەری ئامێرە ئەلکترۆنییەکانی هەڵبژاردن ئەنجامداو مەبەستی کۆبوونەوەکەش گفتوگۆکردن بوو لەسەر ئەرکەکانی کۆمپانیای ناوبراوو رونکردنەوە دەربارەی کاری ئامێری خێراکردنی ئەنجامەکانو گواستنەوەی زانیارییەکان هەروەها کارکردن لەسەر هەماهەنگی پێکەوەیی بۆ پرۆسەی پشکنینی ئامێرەکانی هەڵبژاردنو بەرنامەکانیان.
لەسۆنگەی شەفافیەت لەکارەکانیدا، کۆمسیۆن دەیەوێت زانیاری دەربارەی ئامێرەکانی دەنگدان بداتە دەنگدەرانو رۆشنبیریان بکاتەوە لەوبارەیەوە کە ئەم ئامێرانە لە سێ جۆری سەرەکی پێکهاتوون، ئەوانیش:
1.ئامێری پشکنینی ئەلکترۆنی: ئامێرەکە کە داتای ئەلکترۆنی دەنگدەرانی وێستگەیەک لەخۆدەگرێتو لەناو وێستەگەکانی دەنگداندا رۆژی هەڵبژاردن کاری پێدەکرێت، کە لەهەر وێستگەیەکدا یەک ئامێر دادەنرێتو ناوو داتای دەنگدەرانی ئەو وێستگەیە لەخۆدەگرێت بەمەبەستی خوێندنەوەی ئەو زانیاریانەی لەناو کارتی ئەلکترۆنی دەنگدەر (درێژخایەنو کورتخایەن)ـدا هەنو بەراوردکردنیان بەو زانیاریانەی لەناو ئامێرەکەدا تۆمارکراون، هەروەها وەرگرتنی پەنجەمۆری دەنگدەرو هەڵگرتن (سەیڤکردن)ـیو خوێندنەوەی بارکۆدی سەر وەرەقەی دەنگدانو هەڵگرتنی لەئامێرەکەدا.
٢.ئامێری ژماردنو جیاکردنەوەی ئەلکترۆنی/ سکانەر: ئامێرێکە لەسەر سندوقی دەنگدان جێگیر دەکرێت، بەشی سەرەوەی سکانەرەو وەرەقەی دەنگدان بەشێوەی ئەلکترۆنی سکان دەکات، دەنگدەر پاش نیشانەکردن (دەنگدان) وەرەقەی دەنگدانەکەی دەکاتە دەرەچەی تایبەت لەئامێرەکەداو راستەوخۆ سکان دەبێتو دەنگەکەی ئەژماردەکرێتو پاشان وەرەقەکەش دەچێتە ناو سندوقەکە، هەروەها ئەم سکانەرە بارکۆدی سەر وەرەقەکە دەخوێنێتەوەو بەهەمان شێوە هەڵیدەگرێتو بەراوردیشی دەکات لەگەڵ بارکۆدەکانی ئامێری پشکنینی ئەلکترۆنی کە راستەوخۆ لەرێگای کێبڵەوە بۆی نێردراوە.
3.ئامێری ناردنی ئەنجامەکان (RTS): ئامێرێکە بەکاردێت بۆ ناردنی ئەنجامی وێستگەکانی ناوەندی دەنگدان پاش تەواوکردنی پرۆسەی ژماردنو جیاکردنەوەی ئەلکترۆنی. ئەنجامی ئەلکترۆنی لەئامێری ژماردنو جیاکردنەوەی دەنگەکانەوە بەهۆی کێبڵەوە دەنێردرێت بۆ ئامێری ناردنی ئەنجامەکانو لەوێشەوە بەهۆی مانگی دەستکردەوە دەگوازرێتەوە بۆ ناوەندی نیشتمانی بۆ کۆکردنەوەو شیکردنەوەو رێکخستنو راگەیاندنی ئەنجامەکان.
پەیوەست بەم رێکارانەوە، کۆمسیۆن لەرێگای هۆبەی کاروباری پاڵێوراوانەوە کۆتایی هێنا بەوردبینیکردنو رێکخستنی زانیاری پاڵێوراوان هەروەها ناردنی بۆ لایەنی پەیوەندیدار بۆ پشکنین لەئەهلیەتی پاڵێوراوو ئەندام نەبوون لەهێزە چەکدارەکانو دەزگا ئەمنییەکان بەسەرجەم بەشەکانییەوە هەروەها لایەنە ئەمنییەکان لەهەرێمی کوردستانو پاشان رادەستکردنی بەلیژنەی تایبەتمەند بەوردبینیکردنی وەڵامی وەرگیراو لەلایەنە ئەمنییەکان بەرلەوەی بخرێتە بەردەم ئەنجومەنی کۆمسیارانو ئەوانیش بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدەن.
لەگەڵ زیادبوونی کارەکاندا، سەرۆکو ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیارانو سەرۆکی ئیدارەی هەڵبژاردنەکانو بەڕێوەبەرە گشتییەکانی کۆمسیۆن بەردەوامن لەسەردانە مەیدانیەکانیان بەمەبەستی چاودێریو بەدواداچوون بۆ کاروچالاکی ئۆفیسی پارێزگاکانو ناوەندەکانی تۆمارکردنو گەنجینەکانیان لەسەرتاسەری عێراقدا، ئەمەش لەپێناو روبەڕووبوونەوەی گرفتە هونەرییو ئیدارییەکانو دانانی چارەسەری گونجاو بۆیان وەک ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەدەی تشرینی یەکەمی داهاتوودا.
وتەبێژی راگەیاندن