ئەلحوسێنی: بێگەردی و شەفافیەتی هەڵبژاردنی 2024ی پەرلەمانی کوردستان/عێراق لە پێشینەی کارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانە
سەرۆکی لیژنەی ناوەندی بۆ هەڵبژاردنەکانی (٢٠٢٤)ی پەرلەمانی کوردستان/عێراق، دادوەر عامر ئەلحوسێنی، رایگەیاند “بێگەردی و شەفافیەتی هەڵبژاردنەکانی (٢٠٢٤)ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان/عێراق لە پێشینەی کارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانە”. ئەم ووتانەی بەڕێزیان لە میانی پێشوازیکردنی بوو لە شاندێکی تیمی هاوکاریی هەڵبژاردنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە رۆژی یەکشەممە، ٨/٩/٢٠٢٤، لە بارەگای لیژنەکە لە هەولێر.
بەڕێز ئەلحوسێنی بەخێرهاتنی شاندەکەی کرد و، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەردانەکەیان و گرنگیدانی تیمی هاوکاریی هەڵبژاردنەکان لە عێراق بە هەڵبژاردنەکانی 2024ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان/ عێراق دەربڕی. هاوکات، ئەلحوسێنی تیشکی خستە سەر گرنگیی ئەم هەڵبژاردنە و، لە رێگەی بەکارهێنانی ئامێری ئەلیکترۆنیی تایبەت بە رۆژی دەنگدان جەختی لە بێگەردی و شەفافیەتی ئەو هەڵبژاردنە کردەوە. ئەمەو، دادوەر عامر ئەلحوسێنی روونکردنەوەیەکی لەبارەی کارە هەنگاو بە هەنگاوەکانی ئەو ئامێرانە خستەڕوو، کە بە دانانی کارتی بایۆمەتری دەنگدەر دەستپێدەکات، بە شێوەک کە ئەو کارتە دەبێت تەنها بخرێتەناو ئامێری پشتڕاستکردنەوە و دواهەنگاویش کە بریتیە لە دانانی کارتی دەنگدان لەناو سندوقی دەنگدان. لە هەمان کاتدا، بەڕێزیان ئاماژەی کرد بە بوونی کامێرای وێنەگرتن بە شێوەیەکی جێگیر لەناو هەر وێستگەیەکی دەنگدان بۆ چاودێریکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ پشتڕاستکردنەوەی دروستیی سکاڵاکان سەبارەت بە روودانی هەر سەرپێچییەک لە کاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دەنگدان.
شاندی سەردانکەر، لای خۆیەوە، ستایشی کارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کرد لە رووی کاری ئەو ئامێرە ئەلیکترۆنییانەی لە هەڵبژاردنەکاندا بەکارهێنراون و دڵنیاکردنەوەی هاوبەشانی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە رووی شەفافیەت و بێلایەنیی کارەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان.
شایەنی باسە سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی ناوەندیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامن لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ سەرجەم هاوبەشانی پڕۆسەی هەڵبژاردن، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنی 2024ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق.
اترك تعليق