ووتەی هەفتانە

ئەنجومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، رۆژی 24ی ئەیلول، دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجامدا بۆ پەسەندکردنی لیستی کاندیدەکانی هاوپەیمانییەكان و حزب و کاندیدە تاکەکەسییەكان کە ژمارەیان (1191) کاندیدە، كە لەنێوانیاندا (368) بەربژێری ئافرەت بوونی هەیە. هەر لەو دانیشتنەدا، رێگەدرا بە دەستپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی تایبەت پێیان كە رۆژی چوارشەممە 25ی ئەیلوولی 2024 دەستپێدەكات و تا کاتژمێر 12ی شەوی سێشەممە 15ی تشرینی یەکەمی 2024 بەردەوامدەبێت بەگوێرەی ماددەی ( 25 / یەکەم) لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان/عێراق.

لەگەڵ دەستپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردنی هاوپەیمانییەکان و حزبەكان و کاندیدەکان، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان داوای پابەندبوون بە رێنماییەکانی پەیڕەوی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن ژمارە (2)ی ساڵی 2023 دەكات، ئەمەش بۆ رێکخستنی شێوازی بانگەشەکردن بۆ دوورکەوتنەوە لە سەرپێچیكردن. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ژمارەیەک لیژنەی ناوەندی و لاوەکی پێکهێناوە بۆ بەدواداچوون و چاودێریکردنی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن.

بە مەبەستی دروستکردنی پردی پەیوەندی لەگەڵ هاوبەشانی پڕۆسەی هەڵبژاردن، لەنێوانیاندا رێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان، سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمیسیاران دادوەر (عومەر ئەحمەد محەمەد) وتارەکەی بەم شێوەیە دەستپێکرد (دیموکراسی یەکێکە لە بەها و پرەنسیپە بنەڕەتییە جیهانییەکان و، رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنچینەییەکان و پرەنسیپی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دەوری و راستەقینە لە رێگای دەنگدانی گشتییەوە لە بنچینە سەرەکییەکانی دیموکراسی دادەنرێن). ئەم ووتانەی بەڕێزیان لەمیانی ئامادەبوونیدا هات لە رێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەی “دیموکراسی و شەفافیەت: بەهێزکردنی بەشداریی مەدەنی و ئازادیی میدیا” كە رێکخراوی فریاگوزاریی گەلی نەرویژی و تۆڕەکانی هەڵبژاردن (شەمس، تەموز، عەین) رێكیانخستبوو. بەڕێزیان، لە هەمان كاتدا، جەختیكردەوە لەسەر گرنگیی ئامادەبوونی چاودێرانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی لە سەرجەم پڕۆسە دیموکراسییەکاندا، بەوپێیەی ئەمانە یەکێکن لە گەرەنتییەکانی شەفافییەت و بێگەردیی پڕۆسەی هەڵبژاردن. پەیوەست بەم بابەتە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بەردەوامە لە تۆمارکردنی بریکارانی حزبە سیاسییەکان، چاودێرانی نێودەوڵەتی و چاودێرانی ناوخۆیی و متمانەپێدانیان. ئەم پڕۆسە لە ئۆفیسەكانی هەڵبژاردن لە پارێزگاكانی هەرێم بەڕێوەدەچێت بە مەبەستی پێدانی باجی ناساندن پێیان. ئەمەو تاكو ئێستا،  (159) چاودێری نێودەوڵەتی، (733) چاودێری ناوخۆیی و (5024) بریکار تۆماركراون و متمانەیان پێدراوە.

هەروەها بە مەبەستی رێکخستنی رێڕەوی کارەکان بەپێی خشتەی زەمەنیی كردارەكان، سەرۆکی لیژنەی ناوەندیی بەڕێوەبردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی (2024)ی هەرێمی کوردستان-عێراق، دادوەر (عامر ئەلحوسێنی)، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی لیژنەكەی کرد، كە تیایدا یاریدەدەری هونەری، بەڕێز (موهەنەد فازل) و یاریدەدەری کارگێڕی و دارایی، بەڕێز (عەلی ساڵح) و، ئەندامانی لیژنەی ناوەندی ئامادەبوون.  لەمیانی ئەو كۆبونەوەیەدا، كە لە باڵەخانەی لیژنەکە لە پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو، بابەتەكان و قۆناغەكانی بەرەوپێشچوونی خشتەی کارکردن لە رووی دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری تاوتوێكران. پەیوەست بەم بابەتە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بەردەوامدەبێت لە دابەشکردنی ئەوەی ماوەتەوە لە كارتە بایۆمەترییەكان كە ژمارەیان (150,978) كارتە و لە ناوەندەکانی تۆمارکردن دابەشدەكرێن تا بەرواری 20ی تشرینی یەکەمی 2024، ئەمەش بۆ رەخساندنی دەرفەتی زیاتری بەشداریکردنی دەنگدەران لە رۆژی دەنگداندا.

لەبەر گرنگیی رۆڵی کارای هاوبەشانی پرۆسەی هەڵبژاردن لە مسۆگەرکردنی بێگەردیی هەڵبژاردن و بە هۆی رۆڵی گەورەیان لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی هەڵبژاردن و هاندانی بەشداریکردنی چاڵاکانە لە رۆژی دەنگداندا، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لەمیانی دوو سیمیناردا، کە لە هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی لیژنەی ناوەندیی بەڕێوبردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان ـ عێراق، دادوەر (عامر ئەلحوسێنی)، لەگەڵ بەرپرسانی کەناڵە ئاسمانییەکان و بریکارانی حزبە سیاسییەکان كۆبووەوە.

لە لایەكی ترەوە و بە مەبەستی گرنگیدان بە مافە سیاسییەکانی ئافرەتان و پاڵپشتیکردنیان وەک دەنگدەر و کاندید، تیمی پشتیوانیی هەڵبژاردنی ئافرەتان، پلانی ئامادەکراوی خۆی بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان/عێراق 2024 دەستپێکرد لە رێگەی ئەنجامدانی ۆرکشۆپێکی راهێنان بۆ کاندیدە ئافرەتەكان. ئەمەو ۆركشۆپەكە بەڕێوەچوو بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی ئەندامی ئەنجومەنی کۆمیسیاران و سەرۆکی تیمی پشتیوانیی هەڵبژاردنی ئافرەتان، دکتۆرە ئەحلام ئەلجابری و بە ئامادەبوونی ئەندامی ئەنجومەنی کۆمیسیاران، دادوەر عەلی رەشید، بە مەبەستی ئاشناكردنی کاندیدە ئافرەتەکان بە رێكارەكانی کۆمیسیۆن و بەرزکردنەوەی هۆشیارییان.

بەڕێزان ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمیسیاران لەنێو لیژنەکانی سەرپەرشتیکردنی ئۆفیسەكانی هەڵبژاردن و ناوەندەکانی تۆمارکردن و کۆگاکانی هەر چوار بازنەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، بە یاوەریی بەڕێوەبەرە گشتییەکان لە کۆمیسیۆن، بەردەوامن لە بەدواداچوونی کارەکان و تاوتوێکردنی ئامادەکارییە بەردەوامەكان بە مەبەستی پێشکەشکردنی پشتیوانی و پاڵپشتیی تەواو بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە 20ی ئۆکتۆبەری 2024 بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان.

لەلایەکی دیکەوە و لەچوارچێوەی ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ رۆژی دەنگدان، كۆمیسۆن لە بەرواری 26 ئەیلوولی 2024 دەستیکرد بە مەشقپێکردنی کارمەندانی رۆژی دەنگدان، کە ژمارەیان نزیکەی (41 هەزار) کارمەندە، لەسەر میکانیزمی دەنگدان بە بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی هەڵبژاردن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی (2024)ی هەرێمی کوردستانی عێراق.

.

اترك تعليق